baxer

È

پرچی درێـــــژی كوڕان لاساییكردنەوەیە یان بۆ سەرنجڕاكێشانی كچانە؟
شێوازی قژ داهێنان لەلایەن هەندێ كوڕانەوە بایەخێكی زۆری پێ دەدرێت، لەهەمان كاتیشدا لەلای هەندێكی ترەوە زۆر گرنگ نییە. ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێ بیخەینە روو ئەو شێوازەیە كەوا گەنجان بەكاری دێنن بۆ پرچی خۆیان كە بۆچی ئەو شێوازە بەكاردێنن، بەواتەیەكی تر ئایا خۆیان حەزیان لەو شێوازەیە یان بۆسەرنجراكێشانی كچان بەو شێوەیە خۆیان دەردەخەن؟ لێرەدا بیروڕای چەند كچێكیش وەردەگرین سەبارەت بەوەی كە ئایا كامیان زیاتر سەرنجیان رادەكێشێت شێوازی ئاسایی یان شێوازی مۆدیل؟ كە زیاتر لاسایی كردنەوەی گۆرانیبێژان و ئەكتەرەكانی پێوە دیارە، هەروەها كۆمەڵێك پرسیاری تریشمان ئاراستەی چەند كوڕ و كچێك كرد كە تایبەت بوون بەم بابەتە و ئەوانیش بەشێوازی جیاواز وەڵامییان داینەوە.

گرنگ ئەوەیە شێوازەكە لەگەڵ روخساری بگونجێت
(ئاشنا محەمەد) لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی لەكافتریای كۆلێژی ئەدەبیات دانیشتبوو، ئەو بەم شێوەیە قسەی كرد" گەنجی ئەم سەردەمە زیاتر لەسەر مۆدیل دەڕۆن لەبەرئەوەی هەست دەكەن بەو شێوەیە جوانتر دەبن. بە ڕای من بۆ هەندێك كوڕ شێوازی ئاسایی جوانترە كەچی شێوازی تر بەكاردێنن بۆ داهێنانی قژیان و بەپێچەوانەوە هەندێ كوڕی تر بە مۆدیل جوانە كەچی بە ئاسایی پرچیان شانە دەكەن، زۆر گەنج لاساییەكی سەیر و سەمەرە بەكاردێنن، بەڵام ئایا تاچەند ئەو شێوازە جوانی دەكات؟ بە ڕای من گرنگ ئەوەیە شێوازەكە لەگەڵ روخساری بگونجێت"
زیاتر لەهەموو شتێك بایەخ بە قژم دەدەم
(دیندار حەمەد) زۆر حەز دەكات قژی درێژ بێت ئەویش لەبەرئەوەی خۆی حەز لەوە دەكات نەك بۆ سەرنجراكێشانی كچ، دیندار پێی وابوو كە خەڵك پێیان خۆش نییە ئەو پرچی درێژ بێت، بەڵام ئەمە ئارەزووی خۆیەتی و گوێ نادات بە قسەی خەڵك. لە دوا قسەیدا دیندار گوتی" زیاتر لەهەموو شتێك بایەخ بە قژم دەدەم، لەبەر ئەوەی هەست دەكەم جوانی قژ كاریگەری زۆری هەیە لەسەر جوانی خۆم و قژی كورتیش لەگەڵ روخسارم ناگونجێت"
ئەو مۆدیلەی گەنجان بەكاری دێنن هیچ جوانییەكی تێدا نابینم
(میدیا محەمەد) بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی" مۆدیلی قژی كوڕانی ئێستا هیچ جوانییەكی تێدا نییە و لەلای من زۆر ناشرینە، كوڕان دەیانەوێت بەو ڕێگایە سەرنجی كچان بۆ خۆیان رابكێشن و كچان سەیریان بكەن. زۆربەی كوڕەكان لاسایی گەنجانی ئەوروپا دەكەنەوە و ئەمەش لەگەڵ كولتوری ئێمە ناگونجێت. زیاتر ئەو پرچە بەلای منەوە جوانە كە سادەیە و دوورە لە مۆدیل. سەرەڕای ئەمانەش كوڕانی ئێمە زۆر بۆیە ودەرمانی قژ بەكاردێنن، ئەمەش كاریگەرییەكی نێگەتیڤی هەیە و دەبێتە هۆی هەڵوەڕینی قژیان. پێم باشە گەنجان شێوازی سادە و ئاسایی بەكاربێنن، چونكە هەموو كاتێك مرۆڤ بەسادەییەوە جوانە"
بۆ جوانی خۆم و سەرنجڕاكێشانی كەسی بەرامبەرە
(سیا محەمەد) پێی وابوو كە قژ كاریگەری زۆری هەیە لەشێوازی دەركەوتنی دەم و چاو بەجۆرێك كە بەشێوەیەكی گەشاوە دەری بخات ئەگەر گرنگی پێ بدرێت یان دەم و چاو تێكبدات و وەك كەسێكی نامۆ لەكۆمەڵگادا دەربكەوێت، بۆیە پێویستە هەموو كەسێك بایەخی پێ بدات و رۆژانە خزمەتی بكات. لەبارەی خۆیەوە سیا گوتی" من خۆم شێوازی ئاسایی بەكاردێنم هەرچەندە شێوازی مۆدێرنم پێ جوانترە، چەنكە پێویستە مرۆڤ لەگەڵ سەردەم بڕوات . سیا ئاماژەی بەوەدا كە ئەو بۆ جوانی خۆی و سەرنجراكێشانی كەسی بەرامبەر شێوازێكی تایبەت بۆ قژی خۆی بەكاردێنێت.
لاسایی كردنەوە لە شێوازی قژ دا زۆر جوانە
(شەهێن مستەفا) بەكارهێنانی شێوازی سەردەمییانە و لاسایی كردنەوە لە قژ داهێناندا بە دیاردەیەكی باش دانا، شەهێن پێی وابوو" مۆدیل و لاسایی كردنەوە بەشتێكی زۆر جوان دەبینم لەبەرئەوەی ئەوە هەنگاونانە بەرەو پێشكەوتن بەڵام هیوادارم نەك تەنیا لەرووی جۆری جلوبەرگ و پرچەوە بەڵكو هەوڵ بدەن لەبواری رۆشنبیری و لایەنی پێشكەوتووی ترەوە بگەنە ئاستی ئەوان" بە قسەی شەهێن خۆ جوانكردن یان قژ داهێنان ئارەزووی تاكەكەسە و وا باشترە كوڕان گوێ نەدەن بەقسەی خەڵك و بۆ خۆیان بژین نەك بۆ خەڵك.
زیاتر قژی درێژم لێدێت، بەڵام خۆم حەز دەكەم كورت بێت
"ئەگەر قژم درێژ بكەم زۆر جوان لێم دێت ئەمەش قسەی خۆم نییە بەڵكو هاوڕێكانم پێیان گوتووم، بەڵام خۆم حەزدەكەم قژم كورت بێت و ئەمەش ئارەزووی خۆمە ." ئەمە سەرنجی گەنجێك بوو بە ناوی (شیمال خدر)، ئەو بەردەوام بوو لە قسەكانی" پێم وایە زۆربەی گەنجانی ئێستا پشت بە لاسایی كردنەوە دەبەستن و من هیچ پێم باش نییە و ئەوان لەناو كۆمەڵگادا بەجۆرێكی تر باسیان لێوە دەكرێت"
قژی هەندێ كوڕ زیاتر لە قژی كچ دەچێت
(دابان عومەر)یش دەڵێت: لەگەڵ رێزم بۆیان مۆدیلی قژی هەندێكیان زیاتر لەهی كچ دەچێت، سەبارەت بە لاسایی كردنەوەی شێوازی گەنجانی ئەوروپی من ناڵێم لەهەموو روویەكەوە خراپە بەڵام بەداخەوە گەنجانی ئێمە شتە ناشرینەكانیشیان تێكەڵ بە رەفتاری خۆیان دەكەن و كەمتر سوود لەلایەنە باشەكانیان وەردەگرن ئەمەش زیاتر لە شێوازی جلوبەرگ و قژیان دیارە" دابان زیاتر شێوازی سادە و ئاسایی سەرنجی رادەكێشێت و پێی باش بوو كوڕان مۆدیلێك بەكاربێنن لەگەڵ كەسایەتییان بگونجێت لەبەر ئەوەی بە ڕای ئەو هەر مۆدیلێك كاریگەری دەبێت لەسەر كەسایەتییان.
قژی درێژ جۆرێك لەئارامیم پێ دەبەخشێت
لەكۆتاییدا ویستمان رای (دانا سەمەد) بزانین ئەویش بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی" من بۆیە پرچم درێژ دەكەم، چونكە جۆرێك لە ئارامیم پێ دەبەخشێت، هۆكارەكەشی تەنیا بۆ ئارەزووی خۆم دەگەڕێتەوە نەك بۆ سەرنجراكێشانی كچ، من لەمنداڵییەوە قژم درێژبووە" سەرەتاكەی خەڵك لەشێوازی قژی دانا ڕازی نەبوون بەڵام وەك دانا باسی كرد ئێستا كەس پێی ناڵێت بۆ قژت درێژە و لێی ڕاهاتوون.

Welcome